کۆمیتەی یونێسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1999دا، 21ی شوباتی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاری کرد و ئەم ڕۆژە 23 ساڵە پیرۆز دەکرێت.
زمانی زکماکی سامانێکی سروشتییە کە خوا بە مرۆڤی داوە و پاراستنیشی ئەرکێکی پیرۆزە. خوا لە قورئانی پیرۆزدا ئاوای فەرمووە: جیاوازیی زمانی ئێوە لە نیشانەکانی خودایە.
زمانی دایک مافێکی حقوقی و مرۆییە و هێز و دەسەڵاتی خوایی بۆ مرۆڤەکانی دیاری کردووە. کەوابوو مافی زمانی گرێدراوی خواستی مرۆڤ نییە، بەڵکوو بە پێی ویستی خودایە.
ئەو کەسانەی زانستە یان نەزانستە لە دژی بەکارهێنان و فێربوونی زمانی دایک دەوەستن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن، لە ڕاستیدا لە هەمبەر فەرمانی خوادا دژایەتی دەنوێنن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی یونێسکۆ لە ئاستی جیهاندا گەلێک زمان لە بن مەترسیی لەناوچووندان. لە تورکیاش تا ئێستا سێ زمان لەناو چوونە و پانزدە زار و زمانیش هەڕەشەیان لە سەرە. یەک لەوانە زاری کوردیی زازاکی یان دملییە. زارە کوردییەکانی تریش هەروەها لە بن زەخت و زۆردان.
ئەو دەسەڵاتانەی ڕێ لە بەکارهێنانی زمانی زکماکی دەگرن، دەبنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی و کێشەی نێوان گەلان، بۆیە لە پێناو پێکهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەنی ناوبەری گەلان نابێ ڕێگری لە مافی فەرهەنگی و زمانی بکرێت.
دژایەتیی زمانی دایک لە هەر وڵاتێکدا هێزی گەل دەکوژێ و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دژوارتر دەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین کە بەردەوامبوونی زمانێک و ئینجا بەکارهێنانی لە ڕەهەندە جیاجیاکانی ژیاندا و هەروەها بەکارهێنانی بۆ پەروەردە کارێکی ڕێتێچوویە. بۆیە پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا لە خۆمانەوە دەست پێبکەین و ماڵی خۆمان بکەینه قوتابخانەی زمانی دایک و وابکەین لە مێشکی بەرەی نوێدا ڕەگی خۆی داکوتێ.
دەبێ کوردانیش وەکوو هەر نەتەوەیەکی تر نەک هەر بە وانەیەکی بژاردە، بەڵکوو لە پێش بنەڕەتییەوە هەتا زانکۆ زمانیان ببێتە زمانی پەروەردە و بارهێنان. پێویستە ئەم مافە سروشتییە لە دەستووری بنەڕەتیدا پەسند بکرێ.
ئێمە وەک کۆمەڵەی نووبەهار پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی زکماکی لە هەموو گەلانی جیهان دەکەین.
ناوەندی گشتیی کۆمەڵەی فەرهەنگ و پەروەردەی نووبەهار- دیاربەکر

